بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند: "تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن.
وتیشی: "هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە، ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕوی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە پەکەکە لە ناو ببەن.
بەپێی ئاماری فەرمی هێزەکانی سنور تەنها لە ساڵی 2023 دا، تورکیا 540 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر هەرێم و عێراق ئەنجامداوە.
حکومەتی تورکیاش نایشارێتەوە کە 87 بنکەی سەربازی لە سنوور و لە قووڵایی خاکی عێراق و هەرێمدا هەیە و بە قوڵایی 10تا 40 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێم و عێراق بە درێژایی 200 کیلۆمهتر سنووری نێوان عێراق و تورکیا بوونیان هەیە.
زیاتر لە 90 هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و چەندین برینداریش هەیە.
فەریق جەبار یاوەر دهڵێت:"مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، بۆردومانی سنور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی، ئەوەش مەترسیە لەسەر خەڵکی هەرێم و سنورەکانی هەرێم، تا ئێستا 450 گوند چۆڵکراون، جگە لەوەش زیاتر لە 90 هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و چەندین برینداریش هەیە، بەوەش گوندەکان بەرەو چۆڵ بوون دەچێت و مەترسی و دڵە ڕاوکێش دروست دەکات، ئەگەر بەهار ئۆپەراسیۆن بکەن ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر هەموو هەرێم.
ئهوهشی خستهڕوو کە لایەنەکان نابێت ببنە لایەنێکی هاوکار بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە هەرێم دەکرێت، یان نەبنە بەشێک لە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا یان نەبنە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد دورست ببێت.
Your Comment